داخورانی مینای ددان

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-18-13:42:00 - کۆدی بابەت: 6340
داخورانی مینای ددان

ناوه‌ڕۆك

مینای ددان 

مینا چینە دەرەکییەکەی ددانە، کە چینێکی ڕەقە، لە ڕەقترین پێکهاتەکانی جەستەیە، کە ئەم ناوچەیە تەنها تاجی ددان دادەپۆشێت، کە ڕەنگی سپییە و کانزاکانی بە چڕی تێدا کۆبووەتەوە، بەڵام دەکرێت ڕەنگەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕێت بەپێی ئەستووری و چڕی کانزاکانی ناوی، چونکە تاکوو ئەستورتر بێت و چڕی کانزاکان تێیدا زۆرتر بێت ڕەنگەکەی سپیتر دەبێت، بەڵام کاتێک ئەستوورییەکەی کەم دەکات یان چڕی کانزاکانی ناوی کەم دەکات ئەوە ڕەنگەکەی زیاتر بە زەرد دەچێت، کێشەگەلێکی زۆر ڕووبەڕووی مینا دەبنەوە و یەکێک لەو کێشانەش بریتییە لە داخوران.

داخورانی مینای ددان

لەگەڵ ئەوەی مینای ددان چینێکی زۆر بەهێز و ڕەقە بەڵام دەکرێت داخوران و تێکچوون تێیدا ڕووبدات، کە ئەم داخورانە لە ئەنجامی زۆر خواردنی شیرینەمەنییەکان یان زۆر خواردن و خواردنەوەی ترشەمەنییەکان، لەکاتی ڕوودانی ئەم داخورانەدا ڕەنگە چەند نیشانەیەک دەربکەون وەکوو ئازاری ددان، لە ئەگەری داخورانی مینای ددان ئەوە ناکرێت بەدەست بهێنرێتەوە چونکە گەشە ناکاتەوە، هۆکاری گەشەنەکردنەکەش ئەوەیە کە مینا ئاماژەیە بۆ کانزاکان نەک شانەیەکی زیندوو، بەڵام دەکرێت چارەسەری داخورانەکە بکرێت.

نیشانەکانی داخورانی مینای ددان

ئاماژە و نیشانەکانی داخورانی مینای ددان بەپێی ئەو قۆناغەی داخورانەکە پێی گەیشتووە دەگۆڕێت، بەجۆرێک کە لە قۆناغە پێشکەوتووەکانی ئەم حاڵەتەدا ئازارێکی زۆر و بەرگەنەگیراو بوونی دەبێت و دەکرێت ددانەکان کول ببن، وێڕای چەندین نیشانەی تری وەکوو:

  • هەستیاری ددانەکان: کەسی توشبوو بە داخورانی مینای ددان هەستیاری بۆ خواردنی گەرم و سارد و شیرینەمەنییەکان پەیدادەکات و ئەو خواردنانە ئازارێکی وەکوو سمین پەیدا دەبێت.
  • گۆڕانی ڕەنگی ددانەکان: لەگەڵ داخورانی مینا و دەرکەوتنی چینی عاج (بەشە ئێسکەکەی ددان) ڕەنگە ددانەکان بە ڕەنگی زەرد دەربکەون.
  • شەقبوونی ددانەکان: کە لایەکانی ناڕێک و زبر دەبن.
  • هەستیاری زۆر و بەئازار: لە قۆناغە دواییەنەکانی داخورانی مینادا ڕوودەدات.
  • دەرکەوتنی کون و کەلەبەر: کە لەسەر ڕووی ددان دەردەکەون.

هۆکارەکانی داخورانی مینا

ئەگەر ڕۆژانە ددانەکان پاک نەکرێنەوە ئەوە ناتوانرێت ڕێگری لە داخورانیان بکرێت، چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ترشانەیە کە ڕۆژانە دەخورێن، کە یارمەتیدەری داخورانی چینی مینایە بە تێپەڕبوونی کات، هۆکاری زۆر هەن بۆ داخورانی مینا، لەوانەش: 

  • زیادەڕەوی لە خواردنی شیرینەمەنی وەکوو مۆتە و کارامیل.
  • زیادەڕەوی لە خواردنی خواردنە نیشاستەییەکان وەکوو نانی سپی.
  • خواردنی خۆراکە ترشەکان بە زۆری وەکوو سێو و ترشەمەنی و شاتوو.
  • خواردنەوەی خواردنەوە میوەییەکان و شەربەت بەزۆری.
  • زۆر خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی ترشی ستریک و فۆسفۆریکیان تێدایە لەگەڵ شەکر.
  • زۆر خواردنی ئەو خۆراکانەی ڤیتامین Cـیان تێدایە، چونکە زۆربوونی ئەم ڤیتامینە هاوکارە لە داخورانی مینا.
  • کەم دەردانی لیک.
  • بەکارهێنانی زیادەڕەوی دەرمان وەکوو دژە هیستامینەکان و ئەسپرین.
  • دڵەکزێ.
  • تێکچوونەکانی کۆئەندامی هەرس.
  • زۆر ددان خشاندن لەیەک بەهۆی شڵەژاوی و پەستانی دەروونی.

چارەسەری داخورانی مینای ددان

باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری مینا خۆپارێزییە لە هۆکارەکان، بەڵام گەر زۆر داخورابوو ئەوە کەسەکە پێویستی بە چارەسەر دەبێت، چارەسەری بەکارهێنراو بۆ ئەم حاڵەتە زۆرن، هەندێکیان بریتین لە:

  • بەکارهێنانی پڕکەرەوەکان بۆ چارەسەری داخورانی مینای ددان و پڕکردنەوەی کەلەبەرەکان.
  • دانانی توێکڵ یان تاجێک بۆ ددانی داخوراو وەکوو جۆرێک لە چارەسەری داخورانی مینا و ڕێگری لە پووکانەوە و شاشبوونی ددان.
  • بەکارهێنانی پێکەوەبەستی ددانەکان کە هەمان ڕەنگی ددانەکان بێت بۆ چارەسەری داخوران و شەقبوونی ددانەکان.

خۆپارێزی لە داخورانی مینای ددان

بۆ ڕێگری لە داخورانی مینای ددانەکان و پارێزگاری لە تەندروستی ددانەکان بە شێوەیەکی گشتی پێویستە دڵنیاببنەوە لە ڕۆژانە پاککردنەوەیان بە فڵچە و هەویری ددان و پەتی پاککردنەوەی ددان و شۆردنی دەم و پاککەرەوە و سەردانی پزیشک هەموو شەش مانگ جارێک، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانە: 

  • کەمکردنەوەی خواردن و خواردنەوەی زۆر ترش. 
  • شۆردنی دەم بە ئاو پاش خواردنی ئەو خواردن و خواردنەوانە.
  • جوینی بنێشتی بێ شەکر لە نێوان ژەمەکاندا، چونکە بنێشت هاندەری زیاتر دەردانی لیکە، هەروەها لیک هاوکارە لە پێدانی کانزا گرنگەکان بە ددان.
  • زۆر خواردنەوەی ئاو، بەتایبەت گەر کەسەکە کێشەی ژەم دەردانی لیکی هەبوو، یان توشبووی وشکی دەم بوو.
  • خواردنەوەی خواردنەوە ترشەکان بە بەکارهێنانی قەسەبی تایبەت ئەویش بۆئەوەی خواردنەوەکە بەر ددانەکان نەکەوێت.
  • بەکارهێنانی هەویری ددانی فلوراید و شۆردنی دەم.
  • خواردنی پارچەیەک پەنیر یان پەرداخێک شیر پاش خواردنی خۆراک چونکە ترشێتییەکەی کەم دەکاتەوە.
  • بەکارهێنانی فڵچەی ددانی نەرم و پاککردنەوەی ددانەکان بە نەرمی.
  • وەرگرتنی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی کە کاریگەری دەکەنە سەر داخورانی مینا وەکوو نەخۆشی دڵەکزێ.
  • بەکارهێنانی فڵچە بۆ پاککردنەوەی ددان پاش کاتژمێرێک لە خواردنی خۆراکە ترشەکان، ئەویش بۆ ڕێگری لە کارلێکی ترشەکان لەگەڵ مینای دداندا.


سەرچاوەکان



1750 بینین